لە وەڵامدا وتی: هۆی ڕاستەقینە ئەوە بوو كە من لە سوپای فەڕەنسادا ئەفسەرێكی یەدەك بووم، لە دووەم جەنگی جیهانیدا لەلایەن نازییەكانەوە لەگەڵ شەش ئەفسەری تردا بەدیل گیرام، ئێمەیان بە دەستبەستراوی دایە دەست سەربازێكی جەزائیری، بە شەو و بە تاریكایی ئێمەی بردە شوێنێكی كەمێك دوور لە سەربازگەكە، ئینجا پێیوتین: ئەفسەرەكەم داوای لێ كردم ئەشكەنجەتان بدەم و پارچە پارچەتان بكەم، بەڵام من موسوڵمانم، هەرگیز ئایینەكەم كە ئیسلامە ئەو ڕێگایەم پێ نادا، پێغەمبەری ڕێزداریشمان پێغەمبەری بەزەیی و ڕەحمەتە بۆ جیهانیان، لەبەرئەوە من بەرتان دەدەم -چەند گوللەیەك دەتەقێنم بە ئاسماندا-، بەڵام تكام وایە كە خێرا خۆتان بشارنەوە و لەبەرچاوان ونبن، چونكە ئەگەر یەكێكتان لەلایەن ئەوانەوە بدۆزرێتەوە ئەوا ئەو كەسە منم كە دەكوژرێم و پارچە پارچە دەكرێم.

گارودی وتی: ئەو هەڵوێستە كاری كردە سەر كەسایەتی و بیر و ئەقڵم و وتم: بە ڕاستی سەیرە!!! ئەبێ‌ ئەم ئایینە گەورەیە چی بێت كە وای لەو سەربازە كردبێت لە كاتێكدا كە پلەی سەربازێكی سادەیە، بەڵام لە هەڵوێستیدا بڵندە و لە قوربانیداندا ناوازەیە؟

پاشان كەوتمە ناو سەرقاڵی ژیان، بەڵام دەنگی ئەو سەربازە دەنگدانەوەیەكی گەورەی لە مێشكمدا جێهێشت، هەروەها دیمەنەكەی -كە لەسەر بەردێك وەستابوو و گوتەی پێشووی ئاراستە دەكردین-  لە چاوانمدا ون نەدەبوو.

ئا ئەوە وای لێ كردم بكەومە لێكۆڵینەوە لە ئیسلام، پاشان باوەڕهێنان پێی، ئینجا شەڕەفی بەرگریكردنم لەسەر حەقیقەتی خۆی پێ بەخشرا.

دواتر وتی: كاتێك بە قووڵی ئیسلامم خوێندنەوە، ئەم ڕاستییانەم بۆ دەركەوت: «پێمخۆشە بڵێم كە لایەنداری من بۆ ئیسلام بە ڕێكەوت نەبووە، بەڵكوو لەدوای گەشتێكی تولانی و زەحمەت لە توێژینەوە، لەدوای گەشتێكی تولانی كە وەرچەرخانی زۆری تێكەوتبوو، تا دواجار گەیشتمە پلەی یەقینی تەواوەتی، پاڵمدا بەو باوەڕەوە كە وێنای سەقامگیریی دەكات، ئیسلامیش لە بۆچوونی مندا واتە سەقامگیریی» (1).

ئێستە دەتوانین هۆكانی موسڵمانبوونی گارودی كورت بكەینەوە لەم چەند خاڵەدا:

١- پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) هەرگیز ئیدیعای ئەوەی نەكردووە كە ئایینێكی نوێی هێناوەتە كایە، بەڵكوو داوامان لێ دەكا باوەڕ بە پێغەمبەرە پێشووەكان بێنین بە تایبەتی ئیبڕاهیم و موسا و عیسا (سەلامی خوایان لەسەر بێت).

٢- ئیسلام زانستی حیكمەت و زانستی وەحی لێك جیا ناكاتەوە، ئەو وەحییە كە دژ نییە لەگەڵ زانست و لەگەڵ حیكمەتدا (چونكە باوەڕ ئەقڵێكی بێسنورە)، بەم پێیەش پەیوەندی نێوان ئەقڵ و ئایین لە چوارچێوەیەكی ڕاست و دروستدا دادەنێ‌. 

٣- ئیسلام ڕێگا دەدات بە چارەسەری گرفتی پەیوەندی لە نێوان باوەڕ -بەو پێیە ڕێنماكار و مەرجەعە- و نێوان سیاسەت بەوەی كە دەیكاتە سیاسەتێكی ئەقڵگیر و دادگەر، ئەمە بێ ئەوەی دەوڵەت وەها لێ بكات كە بەناوی خواوە حوكم بدات، هەروەك لە كەنیسە لە ئەورووپا و بەتایبەتی لە فەڕەنسادا ڕوویدا .(٢)

٤- غارودی باس لە گەورەیی ئیسلام دەكات كە خۆی لەمانەدا دەبینێتەوە:

أ- كرۆك و ڕۆحی ئیسلام: چونكە بۆ مرۆڤی خستووەتەڕوو كە سەراپای گەردوون دیاردەیەكە لە دیاردەكانی توانایی خوای گەورە، تێڕامانیش لێی و كاری بەرهەمهێنەر تیایدا شێوەیەكە لە شێوەكانی پەرستشی نزیككەرەوە لە خوای گەورە.

ب- كراوەیی و لێبوردەیی ئیسلام: ئەمیش خۆی لە لێبوردەیی ئیسلام لەگەڵ ئاینەكانی تردا دەردەخات، كە ئازادی تەواوەتی داوە بە هەوادارانیان لە ئەنجامدان و پیادەكردنی ڕێوڕەسم و دروشمەكانیاندا، تەنانەت دەوڵەتی ئیسلامی ڕێگای داوە كە جولەكە و مەسیحی و هیتریش بۆیان هەیە پلەوپایە و كارمەندی گرنگ وەربگرن تیایدا، گارودی لەم پێگەیەوە جەخت دەكات كە ئیسلام بە هێزی چەك بڵاو نەبووەتەوە، پێغەمبەریش(صلى الله عليه وسلم) شمشێری لە كێلان دەرنەهێناوە مەگەر لەبارێكدا نەبووبێت كە بەرگری بووبێت لە بانگەوازەكەی، هەروەها دەڵێ‌ فتوحاتی ئیسلامی داگیركاری نەبووە، بەڵكو بریتی بووە لە ڕزگاركردنی ئەو گەلانە كە لەژێر چەپۆكی ملهوڕی و ستەمی دەستەڵاتی ڕۆحی و واقیعی وڵاتەكانیاندا ناڵاندوویانە، لەبەرئەوە ئەو گەلانە نەهاتوون بوەستنەوە بەڕووی موسوڵماناندا، لەوانەیە ڕاستگۆترین دیمەنیش ئەو ڕاستییە بێت كە كاتێ‌ عەڕەب هاتوون وڵاتی ئەندەلوسیان ڕزگاركردووە، تەنها لەماوەی دوو ساڵدا ئەوەیان بۆ چووەتە سەر، بەڵام كاتێك ویستراوە لێیان بسێننەوە حەوت سەدەی خایاندووە. (٣)

ج- داستانی باوەڕ لە دنیانەویستی و لە پەروەردەی دەرووندا: ئیسلام هاتووە بە تێكۆشانێكی بێوچان پەروەردەی دەروونی بەرەوپێش بردووە، پاكژی كردووەو ڕۆحی بەرەو باڵا بردووە، گرنگیداوە بە ناوەڕۆكی تا گونجاو بێت لەگەڵ ئیرادەی خوایەتیدا.

د- كامڵیی ئیسلام لە ڕووی باوەڕ و سیاسەت و ڕەوشت و مافەكانەوە: ئیسلام لە پرەنسیپێكەوە هەنگاو هەڵدەگرێ‌ كە لای سەلمێنراوە و بەڵگەنەویستە، ئەویش ڕەتكردنەوەی جیاكارییە لە نێوان گرفتەكانی ژیانی دنیایی و نێوان پرەنسیپەكانی باوەڕ و ڕەوشت، بۆ نمونە ئابووری لە سایەی ڕژێمە دەستكردەكاندا ئامانجی دەستەبەركردنی بەرهەمهێنان و وەبەربردنە، بێ ئەوەی ڕەچاوی مەبەستە مرۆییەكان بكات، بەڵام ئابووری لە سایەی ئیسلامدا ئامانجی گەشەكردنی خودی خۆی نیە بەڵكو بۆ دەستەبەركردنی هاوسەنگییە، بەهەمانشێوە بێلایەن نیە كە چی دەبێت با ببێت، هەروەها لەگەڵ ئازادی بازرگانیدایە، بەڵام بازاڕ ئاراستە دەكات بەرەو تێركردنی پێداویستییە ڕاستەقینەكانی مرۆڤ، هاوكات تەبایش بێت لەگەڵ بنەماكانی ئیسلام و ڕێساكانیدا ئەویش لە ڕێگای هاوسەنگی لە دابەشكردنی داهاتدا، هەروەها ڕێگریكردن لە قۆرخكاری و دەستبەسەرداگرتن، خوای گەورە دەفەرموێ‌: (رِجَالٞ لَّا تُلۡهِيهِمۡ تِجَٰرَةٞ وَلَا بَيۡعٌ عَن ذِكۡرِ ٱللَّهِ...)النور ٣٧.. واتە: (بێگومان بە درێژایی زەمان پیاوانێك هەن -كە سیفەتی پیاوەتی و تەقواداری و لێبڕان و بەرخۆدان و دڵسۆزی و....هتد لەخۆیاندا بەرجەستە دەكەن, ئەڵبەتە ئافرەتانیش كە بەو سیفاتانە خۆیان بڕازێننەوە, ئەوانیش دەگرێتەوە- جا ئەو ڕێزدارانە بازرگانی و كڕین و فرۆشتن, پەروەردگاری ئازیزیان لەبیر ناباتەوە). ئەمانە هەموو لەپاڵ دانانی ماف لەسەر سامان و دارایی وەك زەكات بۆ دەستەبەركردنی بیمەی كۆمەڵایەتی، كە ئەوروپا لە سەدەی بیستەمدا نەبێت پێشتر هیچی لێ نەزانیوە.

موسڵمانان هەر لە سەردەمی هاتنەخوارەوەی وەحیدا ڕێساو ڕەوشتەكانی جەنگیان داناوە، پاشانیش پەرەیان پێدراوە، بەڵام خۆرئاوا تا ساڵی (1340ز) هیچ یاساو ڕەوشتێكی جەنگیی نەبووە، ئەویش لە بەرشەلۆنە لە ئەندەلوس ڕوویدا كە لەبەرئەنجامی داوای خاچپەرستان لە فەلەستینەوە هات و بووە هۆی ئەوە چەندین ڕێسای ئیسلامییان دەرهێنا، هەروەها لە كتێبەكەی ئەلفۆنسی دەیەم كە لە بەشی دەیەمیدا كۆمەڵێ‌ یاسای لەبارەی ئازادییەوە تێدایە، هەموویشی بریتی بووە لە دووبارەكردنەوەی كتێبێك كە یەكێك لە زانایانی ئەندەلوس داینابوو، باس لە چۆنێتی پاراستنی منداڵان و ئافرەتان و پەككەوتەو چۆنێتی پابەندبوون بە پەیماننامەو بەڵێننامەكانەوە لە كاتی جەنگدا دەكات .

سەرچاوە: کتێبى (بەزەی ئیسلام و دیاردەیى تیرۆر) لەنوسینى دکتۆر عەلى قەرەداغى

(١) غارودی: (محاضرة حوار الحضارات) كە لە زانكۆی ئەسكەندەریە لە ڕۆژی (21/3/1983ز) پێشكەشی كردووە. لە ڕۆژنامەی اڵاخبارەوە هی بەرواری 23/3/1983ز) وەرگیراوە.

 (٢) ڕۆژنامەی اڵاخباری میصری لە بەرواری (9/8/1983ز)، كە لە گۆڤاری لۆمۆندی فەڕەنسی وەریگرتووە.

(٣) غارودى: (لماذا أسلمت؟)، ل (90).